|
127 سه‌عات
«کێشه‌که له سه‌ختی ئه‌و ئازاره‌دا نه‌بوو، که له‌کاتی
بڕینه‌وه‌ی قۆڵی خۆم به‌ده‌ستی خۆم چه‌شتم؛ به‌ڵکو کێشه‌که له‌لای
من ویستی هه‌ڵبژاردنی ئازادانه‌ی ژیان بوو.»
ئارۆن ڕاڵستۆن Aron Ralston ته‌مه‌ن 26 ساڵه، ئێواره‌ی ڕۆژی
هه‌ینی هه‌فته‌ی کۆتایی مانگی چواری 2003 کۆڵه‌پشته‌که‌ی هه‌ڵگرت و
به‌ره‌و چیای «بلو جۆن کانیۆن» له ناوچه‌ی ئۆتا له ولایه‌تی
کۆلۆرادۆی ئه‌مه‌ریکا به ئۆتۆمبیل به‌ڕێکه‌وت.
ئارۆن، که‌سێکی جه‌ربه‌زه و سه‌ره‌ڕۆ و شاخه‌وانێکی شاره‌زا بوو.
ئه‌و به‌و ته‌مه‌نه که‌مه‌ی خۆیه‌وه چه‌نده‌ها گه‌شتی شاخه‌وانی
به‌ته‌نها بۆ زنجیره چیاکانی کۆلۆڕادۆ و ولایه‌ته‌کانی دراوسێی
کردبوو. شاره‌زاییه‌کی باشی له هه‌ڵگه‌ڕان به‌سه‌ر چیای سه‌ختدا
هه‌بوو، به‌ڵام گه‌شتی ئه‌مجاره‌یان گۆڕانێکی بنه‌ڕه‌تی به‌سه‌ر
ژیانیدا هێنا.
پلانی گه‌شته‌که‌ی وا دانابوو، که دوو ڕۆژ له چیا به‌سه‌ربه‌رێت
و ئێواره‌ی یه‌کشه‌مه بگه‌ڕێته‌وه، چونکه ده‌بوا به‌یانی
دووشه‌مه له‌سه‌ر کار بێت (ئارۆن، شاخه‌وانی وه‌ک خولیا و له‌کاتی
بێکاریدا ده‌کرد !) به‌ڵام هه‌ر ته‌نها دوای 24 سه‌عات له
گه‌شته‌که‌ی کاره‌ساتێک ڕوویدا و سه‌رله‌به‌ری پلان و خه‌ونه‌کانی
تێکدا.
له‌کاتی هه‌ڵگه‌ڕانیدا به‌سه‌ر ڕه‌وه‌زێکدا، به‌رده‌بێته‌وه و
ده‌که‌وێته که‌ندێکی ته‌سکه‌وه. تاوێره‌به‌ردێکی هێنده‌ی
به‌رمیلێکیش به‌سه‌ریدا گلۆرده‌بێته‌وه و قۆڵی ڕاستی ده‌که‌وێته
ژێر تاوێره به‌رده‌که‌وه. هه‌رچه‌ندی تێده‌کۆشێ قۆڵی له‌ژێر ئه‌و
تاوێره، بۆ ده‌رنایه‌ت.
که‌س نه‌یده‌زانی ڕاڵستۆن بۆ کوێ چوه، ئاخر به‌هیچ که‌سێکی
نه‌گوتبو، که ده‌چێت بۆ به‌رده‌وانی (کێڤنه‌وه‌ردی).
«چه‌ند سه‌عاتی یه‌که‌م، گه‌رچی ئازار هه‌راسانی کردبوم، به‌ڵام
ئارامی خۆم پاراست، من چونکه وه‌ک پیشه ئه‌ندازیارم، له
خوێندنه‌که‌مدا فێربوم چۆن ڕێگه‌چاره بدۆزمه‌وه و کێشه
چاره‌سه‌ر بکه‌م. وه‌لێ به تێپه‌ڕبونی کات و هه‌وڵی بێ ئه‌نجامم
بۆ خۆ ڕزگارکردنم له ژێر ئه‌و تاوێره‌به‌رده، له‌و بڕوایه نزیک
ده‌بومه‌وه، که له‌م که‌نده‌دا ده‌مرم.»
127 سه‌عات کاتی دۆزه‌خئاسا، له نێوان هه‌وڵی بێ ئه‌نجام و
گو‌مانی قوڵ و ترسی مه‌رگدا، تۆ بڵێیت له‌کوێوه هێزی
به‌ره‌نگاربونه‌وه ببزوێت و تروسکه‌ی هیوا بۆ ڕزگاربون و
درێژه‌پێدانی ژیان سه‌رهه‌ڵبده‌ن؟
«له ڕۆژی سێیه‌مدا، دوا دڵۆپه ئاوی مه‌تاره‌که‌مم خوارده‌وه.
ڕۆژی چواره‌م ناچاربوم میزی خۆم بخۆمه‌وه. به‌ڵام ئه‌و هێزه‌ی
تینی پێده‌دام، ئه‌و کامێره ڤیدۆییه گچکه‌یه بوو، که پێم بوو.
جارجار سه‌یری ئه‌و دوا گرتانه‌م ده‌کرد، که له‌گه‌ڵ دایک و بابم
و خوشکه‌که‌مدا گرتبومن، ئه‌و وێنه و دیمه‌نانه، شادییه‌کی
زۆریان پێده‌به‌خشیم و له‌و ته‌نهاییه مه‌رگهێنه‌مدا خه‌مڕه‌وێن
بون. دواتر، بڕیارمدا که ئه‌و که‌مه هێزه‌ی له له‌ش و ئه‌و
که‌مه تینه‌ی له هۆ‌شمدا و له باتری کامێره‌که‌مدا ماون، بۆ
ماڵئاوایی له‌و ئازیزا‌نه‌م به‌کاربهێنم و پێیان بڵێم، که
چه‌نده‌م خۆشده‌وێن و هاوکات داوای لێبوردنیشیان لێبکه‌م، چونکه
زۆربه‌ی جاره‌کان من که‌م ته‌رخه‌مبوم، له‌ئاست ئه‌و هه‌موو
خۆشه‌ویستی و گشت به‌ته‌نگه‌وه‌هاتن و په‌رۆشییه‌ی ئه‌وان بۆ من!»
«له ڕۆژی پێنجه‌مدا و دوای تۆمارکردنی سۆزی ده‌رونم و گوته‌کانم،
هه‌ستمکرد ئیدی به‌ته‌واوی مه‌رگ لێم نزیکه، قه‌ڵه‌مبڕێکی «چینی»م
پێ‌بوو، به‌و قه‌ڵه‌مبڕه، ناوی خۆم و ڕۆژ و ساڵی له‌دایکبونم و
ئه‌و ڕۆژه‌شم، 29 ی ئاپریلی 2003 له‌سه‌ر دیواره‌به‌رده‌که‌ی
ته‌نیشتمه‌وه، هه‌ڵکۆڵی.))
«له‌و کاته‌ی خه‌ریکی هه‌ڵکۆڵین بوم، هه‌ستمکرد که ده‌توانم
که‌مێک باڵم له‌ژێر تاوێره به‌رده‌که‌دا ببزوێنم. له‌پڕ گوڕ و
تینێکی زۆرم وه‌به‌رهاته‌وه. گه‌رچی پێشتر به خه‌یاڵمدا هاتبو،
که قۆڵی خۆم ببڕمه‌وه، به‌ڵام له‌به‌ر گچکه‌یی چه‌قۆکه‌م،
ده‌مزانی که‌ناتوانم ئێسکه‌که‌ی ببڕم، به‌ڵام که زانیم ده‌توانم
باڵم بجوڵێنم و ته‌نهاش چه‌ند سه‌عاتێک له ژیانم ماوه، به خڕکه
به‌ردێک که‌وتمه شکاندنی ئێسکی باڵم. له‌به‌ر بێ هێزی
ماسولکه‌کانم، ساته‌کانی قۆڵشکاندنه‌که‌م درێژه‌یان ده‌خایاند.
ئه‌و ساته ئازاراوییانه، هێنده سه‌ختبون، ئێستاش موچڕکه‌م
پێدادێنن. دواتر به‌و چه‌قۆ کوله، که‌وتمه بڕینه‌وه‌ی قۆڵم. ئه‌و
ساته پڕ ئازارانه، له باسکردن نایه‌ن! ته‌نها هێزی ژیان ویستی
گوڕ و تینی پێده‌به‌خشیم تا به‌رگه‌ی ئه‌و ئازاره بێ ئه‌ندازه
سه‌خته بگرم !»
«دوای بڕینه‌وه‌ی قۆڵم و ڕزگاربونم له‌و تاوێره به‌رده و
هاتنه‌ده‌ره‌وه له‌و که‌نده، که من به هاتنه‌ده‌ره‌وه له
گۆڕم ده‌بینی، هێشتا مه‌ترسی مردن و سێبه‌ری مه‌رگ
نه‌ڕه‌ویبونه‌وه. ده‌بوا به‌و برین و خوێنبه‌ربونه‌وه 11
کیلۆمه‌تر بڕۆم تا بگه‌مه ئه‌و شوێنه‌ی ئۆتۆمبیله‌که‌مم لێ
ڕاگرتبو، دوای ئه‌وه‌ش ده‌بوا نزیکه‌ی 100 کیلۆمه‌تر باژۆم، تا
بگه‌مه نزیکترین خه‌سته‌خانه بۆ چاره‌سه‌ر کردن.»
«له‌ماوه‌ی
127 سه‌عات ڕوبه‌ڕوبونه‌وه، له‌گه‌ڵ مه‌رگ و ئازاری بێ
سنوردا، تاکه هێز و هیوایه‌ک، که نه‌یده‌هێشت ده‌ستبه‌رداری ژیان
و ته‌سلیمی مه‌رگبم، خۆشه‌ویستی که‌سه نزیکه‌کانم بوو!»
چه‌ند پرسیارێك
دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م به‌سه‌رهاته، با چه‌ند پرسیارێک له خۆمان
بکه‌ین:
- ئه‌و هێزه/ هێزانه، چییه/ چین، که هیوای ژیانمان پێده‌به‌خشن؟
- ئایا ته‌نها خۆشه‌ویستی و خۆشویستن، به‌سه بۆ به‌رده‌وامی ژیان؟
- ئایا به‌رگه‌گرتنی ئه‌و هه‌مکه ئازاره‌ی ئارۆن، له ویستی ژیان،
یان له خۆویستییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتوه؟
- گه‌ر کۆتایی ژیان هه‌ر مه‌رگ بێت، ئیدی بۆ ده‌بێت پێش مه‌رگ
ئازار بچێژین، یان خۆمان ئازاربده‌ین ؟
- ئایا ئه‌وه ته‌نها به‌رگه‌گرتنی ئازار بوه، که ئارۆنی
به‌زوندیی هێشتۆته‌وه، یان ژیاندۆستی بوه؟
- بڕواده‌که‌یت که ژیان گشتی هه‌ڵبژاردنه و ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ش
ڕێڕه‌ی ژیانمان ده‌گۆڕن؟
- ئایا ده‌بێت ته‌نها له ساته سه‌خت و ئازاراوییه‌کاندا،
خۆشه‌ویستی که‌سانی نزیک و دۆست و ئازیزانمان بیربکه‌وێته‌وه ؟
تێبینی
* ئه‌م بابه‌ته له ڕۆژنامه‌ی، ئافتن پۆستن Aftenposten له
8/1/2011 ، به‌شی کلتور، ل 7 ، وه‌رگیراوه.
* ئافتن پۆستن، یه‌کێکه له 3 سه‌ره‌کیترین و پڕفرۆش‌ترین،
ڕۆژنامه‌کانی نه‌رویج، چاپی به‌یانیان و ئێوارانیشی هه‌یه.
* ئه‌م به‌سه‌رهاته‌ی ئارۆن ڕاڵستۆن، له‌لایه‌ن هۆڵیوده‌وه،
به‌ناوی « 127 سه‌عات» کراوه به فیلم.
* ئارۆن، ساڵێک دواتر، به‌سه‌رهاته‌که‌ی خۆی له کتێێکدا چاپکردوه،
یه‌کێک بوو له پڕفرۆش‌ترین کتێبه‌کانی ئه‌مریکا و بریتانیا، له
ساڵی 2004 دا.
* ئێستا ئارۆن، له زۆر وڵات، بۆ گوتار خوێندنه‌وه و
سێمیناربه‌ستن، بانگ ده‌کرێت و باسی توانای خۆڕاگرتن و به‌رگه‌گرتن،
له ساته پڕ سه‌ختی و ئازاراوییه‌کاندا بۆ خه‌ڵکی ده‌کات.

«.............»
|